پزشکیان، چارەسەری کتوپڕ (الطوارئ)

بەختیار شاوەیس

08/07/2024

کاتێک مژدەیان بەوشتردا کە کوڕی بووە، یەکسەر وتی کوڕ بێت یان کچ من هەر بارەکەم بەسەر کۆڵی خۆمەوەیە. 
هێنانەوەی ریفۆرمستەکان بۆ سەرستەیجی دەسەڵاتداری لەلایەن خامنەیی لەم هەلومەرجەدا و لەپەیوەندیدا بەمەسەلەی کوردەوە دواجار دەکرێ لەهەندێک رووەوە ئەو پەندەی وشترەفەنی بەسەردا پراکتیزە ببێت. بەڵام ئەمە هەموو وێنەکە نیە. وە بۆ ئەوەی تەواوی وێنەکە ببینین پێویستە بڵێین کە: ئاغای پزشکیان ، کەبەزمانی کوردی وتار دەدات و سۆزی دایکە کوردەکەی لەمەهاباد لەناو تێڕوانینە شەخسی و سۆسۆسیۆلۆژیەکەی هێشتا قوڵپ دەدا، بەڵام مەرج نیە کەئەم سۆزەی مەهاباد و کرمانشاە و مەهاباد بتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەو تێڕوانینە سیاسیەی کەنەشونمای کردوە لە زانکۆی تاران یان لەسەروەختی جەنگی ئیران - عیراق. بەمانایەکی تر، خەیاڵپڵاویە پێمان وابێت کەئیتر ئەم پیاوە دەتوانێت بەر بە لەسێدارەدانی گەنجانی کچ وکوری کورد بگرێت، یان بتوانێت مافی سیاسی پێکهاتەکانی ئیران بەتایبەتی کورد دەستەبەر دەکات و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە سەرزەمینی بەهەشت بۆ کوردان.بەڵکو کوردیش لەرۆژهەڵات لەهەندێ رووەوە دەکرێ سودمەند بێت لەو ستراتیژە نوێ یەی کە خامنەیی دایڕشتوە و دەیەوێ لەگەڵ پێشهاتە سیاسیەکانی ناوچەکە کۆماری ئیسلامی ئیران دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرم بکات.
ستراتیژی نوێ کەلەسەر بنەمای کرانەوەی تاران بەرەو رووی خۆرئاوا و ئەمریکا ، ئەویش بەخاوکردنەوەی گرژیەکان تا ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانی ئەتۆمی( جەواد زەریفی سەرپەرشتی هەڵمەتی بردنەوەی پزشکان) سەردەکێشێ. چونکە بەگەرانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی( وەک زۆربەی پێشبینیەکان ئاماژەی بۆ دەکەن) وە گواستنەوەی پریشکی جەنگی غەزە بۆ لوبنان و تێوەگلانی حیزب الله و هەروەها لەمیشەوە بۆ گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئیران لەعیراق ، ئەوەندەی دیکە کۆماری ئیسلامی توشی کەمخوێنی زیاتری ئابووری و پەرێزخستنی زۆرتری دیپلۆماسی دەبێت لەگەڵ دنیای دەرەوە.
هەربۆیە: بریاری خامنەیی رابەر بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتیەک کە لەجەنگی ئیران- ئیراق پزیشک بوە و کاری تەنها چارەسەری بریندار و پەککەوتە بوە(مەسعودی پزشکان) نەک بژاردەکردنی کەسایەتی دووەم، کەلەهەمان جەنگدا لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕدا قاچی لەدەستداوە ( سەعید جەلیلی ) باشترین بژاردەی عەقڵانی خامنەیی بوو بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمرۆی کۆماری ئیسلامی و لەمیشەوە پێمان دەڵێت، تاران لەئیستادا لەهێرشبردنەوە پلانی یاریەکە دەگۆڕێ بۆ چارەسەرکردنی کت و پڕ. جا چارەسەر و خاوبوونەوەی گرژیەکان لەگەڵ خۆرئاوا ، یان دەوڵەتانی رکابەر بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. کەهەرێمی کوردستان بەدەر نابێت لەدەرهاویشتەی ئەم دۆخە ئیجابیەوە و پێناچێ ئیتر هاوڵاتی لە هەولێر و هەریر و چەند شوێنێکی دیکەی هەرێم بەموشەکەکانی تاران یان بریکارە عیراقیەکانی رۆژ بکاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group