ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات.
بەپێی راگەیندراوەكە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێ .
ئاماژەی بەوەشداوە، ڕێكخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەكان و میلاك و بواری وەزیفیی گشتی، هەروەها،پەسەندكردن و پابەندبوون بە میلاكی سەرجەم مووچەخۆرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان (بە ژمارە و پلە و خەرجی) بۆ ساڵی دارایی 2025 تاوتوێ دەكرێت.
هەروەها، پەسەندكردنی ڕێكاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەكانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی.
هەر لە برگەی یەكەمی كۆبونەوەكەدا، تاوتوێی پابەندبوون بە سنووری دیاریكراوی خەرجییەكانی بەكاربردن و وەبەرهێنان و بەئەلیكترۆنیكردنی لیستەكانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە دەكرێت.
باس لەوەشكراوە، لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەكات لە پەسەندكردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵ تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
لە بڕگەی سێیەم و كۆتایشدا،ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەكان لە داهات و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ گفتوگۆی لە بارەوە دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group