نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هەندێكجار هاوڵاتیان لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەست دەخەنە سروشت و ژینگە دەشێوێنن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، سروشت و ژینگە موڵكی هەموانەو پاراستنی ئەركی سەرشانە، بەڵام هەندێكجار دەبینن هاووڵاتیان لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەست دەخەنە سروشت و ژینگە دەشێوێنن، خۆشبەختانەش مەفرەزەكانیان لە سەرجەم سنورەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیان لە پێناو بنیادنانی ژینگەیەكی تەندروست و گونجاو هەمیشە لە هەوڵ و كۆششی بەردەوامدان و كار بۆ پاراستنی دەكەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی باسی لەوەشكردوە، لەئەنجامی دەرچونی مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێن بۆ سنوری گوندی (بناوە سوتە) بە تۆمەتی تێكدان و شێواندنی ژینگە دوو تۆمەتبار دەستگیر كران كە هەستابون بە لەناوبردنی زیاتر لە سێ دۆنم دارستان و راماڵینی خاكەكەی و بڕینی سەدان داری سروشتی.
راشگەیەنراوە، لەو هەڵمەتەیاندا دەستیشگیراوە بەسەر یەك حەفارەو ماتۆڕسكیل و مشاری داربڕیندا، پەڕاوی لێكۆڵینەوەش رێكخراوە رادەستی دادوەر كراوە بۆ وەرگرتنی رێكاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران .