نەوا-
هەردوو دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق و ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك ئەندامی داعشیان دەستگیر كرد.
لە راگەیەنراوێكدا دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عیراق و دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان چوار تیرۆریستیان دەستگیر كردوە كە بەپێی مادەی 4ی تیرۆر داواكراو بون.
راشیگەیاندوە، لەدوای بەدواداچون بۆیان دەركەوتوە كە ئەو تیرۆریستانە چەندین بەڵگەنامەیان ساختەكردوە تاكو بتوانن هاتوچۆی پێ بكەن و لەژێر چاودێری دەزگا ئەمنییەكان خۆیان حەشار بدەن، دوو لە تیرۆریستەكان لە دەستەی پەرەپێدانی موشەكی كاتیۆشابون سەر بە چەكدارانی داعش لە بەناو ویلایەتی ئەنبارو هێزە ئەمنییەكانیان بۆردومان كردوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق راشیگەیاندوە، دوو لە داواكراوەكانی تر لە بەناو ویلایەتی نەینەواو دیجلە بون ئەوان بەشداریانكردوە لە هێرشەكانیان دژی هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی، لەدوای دەستگیركردنیشیان رادەستی لایەنی یاسایی كراون.