بۆ پشوەكانی سەری ساڵ زیاتر لە 63 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان كردوە

2 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێكی سەبارەت بە ئامارەكانی پشوی سەری ساڵی نوێی زایینی بڵاوكردەوە.
پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوەكەدا ئاشكرایكردوە، بەپێی ئەو پلان و ئامادەكارییەی بۆ پێشوازیكردن لەسەری ساڵی نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێر لە 25-12ی ساڵی رابردو تا 1-1-2025 ئامادەكرابو سەرجەم رێكارو ئامادەكارییەكان بەسەركەوتویی و وەكو خۆی و بێ هیچ گرفتێك جێبەجێكرا.
راشگەیەنراوە، گەشتوگوزاری هەولێر چەندین لیژنەی تایبەتی پێكهێنا بەمەبەستی چاودێریكردن و بەدواداچون بۆ بنكەو ناوچە گەشتیارییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بەڕوی گەشتیاراندا لەو ماوەیەداو تاكو سەری ساڵ 63 هەزارو 411  گەشتیار لەبازگەكانی سنوری پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگاكەیان كردوە.
ئاماژەشیكردوە، بەهۆی پابەند نەبون بە یاساكان و خێرا لێخوڕینەوە 26 روداوی هاتوچۆ رویانداوە كە بەهۆیانەوە یەك كەس گیانی لەدەستداوەو 14ی دیكەش برینداربون، هەر لەو ماوەیەشدا 135 حاڵەت و تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامدراون و 129 حاڵەت و تاوان ئاشكراكراون و تاوانبارانیش دەستگیر كراون.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group