مەسرور بارزانی: موچەخۆرانی هەرێم ساڵێكی دارایی سەختی دیكەیان بەڕێكرد

3 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، موچەخۆرانی هەرێم ساڵێكی دارایی سەختی دیكەیان بەڕێكرد.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2025 گەرمترین پیرۆزبایی لە هاوڵاتیان هەرێم و گشت كوردستانیان دەكات  و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێكی پڕ لە ئارامی و ئاسودەیی بۆ هەموان دەخوازێت.
راشیگەیاندوە، سوپاسی خۆڕاگری و پشودرێژی خەڵكی نیشتمانپەروەرو ستەملێكراوی هەرێمی كوردستان دەكات كە بە داخەوە بەهۆی كێشە دروستكردن و نەناردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، موچەخۆرانی هەرێم ساڵێكی دارایی سەختی دیكەیان بەڕێكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمو ئەركەكانی خۆی بە تەواوی جێبەجێكردوە، بۆیە پێویستە ئەم كێشەیە لەساڵی داهاتو بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت.   
مەسرور بارزانی ئاماژەشیكردوە، ئومێدەوارن  لە زوترینكاتدا گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە ئەنجام بگات و لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بگەنە رێككەوتن بۆئەوەی حكومەتێكی یەكگرتوی بەهێزو سەرتاسەری دروست بكرێت كە لە ئاست ئەرك و ئاڵنگارییەكانی ئێستاو داهاتودا بێت و بێجیاوازی خزمەتی گشت پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بكات . 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group