نیشانەكانی زیادبونی هۆڕمۆنی نێرینە لە ئافرەتاندا

پێش 3 هەفتە هەمەڕەنگ

نەوا-
ئاستی بەرزی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن لە خانماندا رەنگە ببێتە هۆی گۆڕانكاری بەرچاو و هەندێكجاریش تێكدەر، بۆیە چەند نیشانەیەك هەن كە دەرخەری ئەوەن ئەو هۆڕمۆنە لە ئافرەتاندا بەرزە.
ماڵپەڕی هێلس شۆتس بڵاویكردۆتەوە، هاوسەنگی هۆڕمۆنەكان رۆڵێكی گرنگی هەیە لە تەندروستی گشتی خانماندا بەوپێیەی كاریگەری لەسەر باری دەرونی و ئاستی وزەو تەنانەت روخسارو جەستە هەیە، لەكاتێكدا هۆڕمۆنی تێستێسترۆن كە هۆڕمۆنی نێرینەیە بەزۆری لە پیاواندا هەیەو لە مێینەكان بە رێژەیەكی كەمتر هەیە ئەو هۆڕمۆنە پێویستە بۆ زۆرێك لە كارەكانی جەستە، بەڵام كاتێك ئاستی لە ژناندا بەرزدەبێتەوە دەكرێت ببێتە هۆی گۆڕانكاری بەرچاو هەندێكجاریش تێكدەر.
باس لەوەشدەكرێت، نیشانەكانی بەرزبونەوەی ئاستی تێستێسترۆن لە مێینەكاندا دەتوانێت هاوكار بێت لە دەستنیشانكردنی ناهاوسەنگی بۆ رێگریكردن لە كێشە درێژخایەنەكان و بەم نیشانانە دەناسرێنەوە.
یەكێك لە نیشانە هەرە بەرچاوەكان زیادەڕۆییە لە گەشەی موەكان لە دەموچاو و جەستەی خانماندا، بەرزبونەوەی ئاستی تێستێسترۆن دەبێتە هۆی زیادبونی بەرهەمهێنانی چەوری، چونكە كاتێك بەرهەمهێنانی چەوری زیاد دەكات دەبێتە هۆی داخستنی كونیلەكانی پێست و دروستبونی زیپكە.
ماڵپەڕەكە ئەوەشی بڵاوكردۆتەوە، دەنگی قوڵ و گڕ ئاماژەیەكی دیكەیە لە بەرزی تێستێسترۆن لە مێینەكاندا، لەكاتێكدا كە پیاوان بەشێوەیەكی گشتی لە كاتی پێگەیشتندا توشی ئەم حاڵەتە دەبن بەهۆی زیادبونی ئەو هۆڕمۆنە، جگە لەوەش تێكدانی هاوسەنگی هۆڕمۆنە سروشتییەكان لە جەستەی خانمدا دەبێتە هۆی ناڕێكی لە سوڕی مانگانە، هەندێكیان سوڕی مانگانە قورستر یان سوكتر دەبینن، هەندێكی تریش تێبینی دەكەن كە سوڕی مانگانەیان كەمتر بوەتەوە یان بە تەواوی وەستاوە، ئەم ناڕێكییەش دەتوانێت نیشانەیەك بێت بۆ حاڵەتە بنەڕەتییەكانی وەك نەخۆشی هێلكەدانی فرە كیسی كە زۆرجار پەیوەندی بە بەرزبونەوەی تێستێسترۆنەوە هەیە. ئەوەش خراوەتەڕو، زیادبونی بارستەی ماسولكەكان و كەمبونەوەی چەوری لەش بەتایبەتی لەو شوێنانەی كە چەوری بەشێوەیەكی ئاسایی كۆدەبێتەوە وەك شان و ران دەكرێت نیشانەی ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەكان بن لە ئافرەتاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group