دانیشتوانی رەسەنی ئەمازۆن دڵ و مێشكیان درەنگتر پیر دەبێت

18/08/2024 هەمەڕەنگ

نەوا-
لەناو دارستانی ئەمازۆن كۆمەڵگەیەكی  نیشتەجێبون هەیە خەڵكەكەی بە لەسەرخۆیی پیر دەبن و تەندروستیان لەخەڵكی شارە پێشكەوتوەكان باشترە، تائێستاش ژمایەك لێكۆڵینەوە لەبارەیانەوە ئەنجامدراون.
ماڵپەڕێكی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە، ناسنامەی مارتینای تەمەن 84 ساڵ ئەوە دەردەخات كە لەماوەی 10 خولەكدا سێ داری جۆری یوكا هەڵدەكێشێت بۆئەوەی لە رەگەوە دەربهێنێت و تەنها بە دو لێدانی چەقۆكەشی دارێك دەبڕێت، ئەو كەسە یەكێكە لە 16 هەزار نەتەوەی (تسیمانێ) كە لە دارستانەكانی ئەمازۆندا دەژین، ئەوان كۆمەڵگەیەكی رەسەنی نیمچە كۆچەریین و لە ناوەڕاستی دارستانە باراناوییەكانی ئەمازۆندا دەژین كە 600 كیلۆمەتر  لە باكوری شاری بۆلیڤیا لاباز نیشتەجێن.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەهێزی مارتینا كە تەمەنی 84 ساڵە ئاسایی نیەو زاناكان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە ئەو جۆرە مرۆڤانە لەجیهاندا تەندروستترین خوێنبەریان هەیە بەو ئەنجامەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر كراوە، هەروەها مێشكیان بەهێواشی پیر دەبێت بەراورد بە دانیشتوانی ئەمریكای باكورو ئەوروپاو شوێنەكانی تر،  تسیمانێكان دەگمەنن و ئەوان یەكێكن لە دوا گەلانی سەر هەسارەكەمان كە شێوازی ژیانیان و بژێویان لەسەر راوكردن و خۆراك كشتوكاڵكردن بەدەستدەهێنن.
هەر لە راپۆرتەكەشدا ئەوەش خراوەتەڕو، تسیمانێكان بەردەوام چالاكن لە راوكردنی ئاژەڵ و چاندنی دانەوێڵەو بونیاتنانی شوێن بۆ نیشتەجێبونیان، كەمتر 10%ی كاتژمێرەكانی رۆژیان لە دانیشتندا بەسەر دەبەن، لەكاتێكدا  دانیشتوانی شارە پیشەسازییەكان %54ی چالاكییەكانیان بەدانیشتن بەسەردەبەن، تسیمانێكان لەسەر روباری مانیكی دەژین و بە دەگمەن دەستیان بە خۆراكە پرۆسێس كراوەكان و كهول و جگەرە دەگات.
ئەوەش باس دەكرێت كە توێژەران بۆیان دەركەوتوە كە تەنها 14%ی ئەو كالۆریانەی تسیمانێكان دەیخۆن لەچەورییەوەیە لەكاتێكدا لەئەمریكا 34%ـە، هەروەها خۆراكەكانیان رێژەیەكی زۆر ریشاڵی تێدایەو 72%ی كالۆرییەكانیان لە كاربۆهیدراتەوە وەردەگرن، بەڵام رێژەكە لە ئەمریكا 52%ـە، پرۆتینەكان لەو ئاژەڵانەوە وەردەگرن كە راویان دەكەن وەك باڵندەو مەیمون و ماسی، كاتێكیش باس لە چێشت لێنان دەكرێت كوڵاویان هەیەو سوركردنەوەیان نیە.
رونیشكراوەتەوە، لە توێژینەوە سەرەتاییەكاندا پڕۆفیسۆرێك لە زانكۆی كالیفۆرنیا تێبینیی ئەوەی كردوە كە تسیمانێیە بەساڵاچوەكان نیشانەكانی نەخۆشییەكانی وەك پیری، بەرزی فشاری خوێن، شەكرە یان كێشەی دڵیان نیە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group