نهوا
دوای ئهوهی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پێش ھەڵبژاردن بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک ڕادەست دەکرێنەوە، وتەبێژی پارتی لە کەرکوک دەڵێت: ڕەوشەکە گونجاو نییە و پێشبینی ناکەن بۆ ھەڵبژاردن بگەڕێنەوە کەرکووک.
عەدنان کەرکووکی، وتەبێژی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبهكهی ڕاگەیاندوه، "ڕاستە ئێمەش بیستوومانە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە بارەگانمان ڕادەست دەکرێنە، بەڵام دەڵێت بەبێ چەک، ئێمەیش بەبێ ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان و چەک، پێشتریش دەمانتوانی بگەڕێینەوە بۆ کەرکووک، بەڵام کێ ھەیە بەرگری لە بارەگانمان بکات لە کەرکووک."
دووپاتیشیكردۆتهوه، "بەبێ چەک و ئاڵا بەو شێوەیەی ئێستا باوەڕ ناکەم پارتی پێش ھەڵبژاردنی ئەمساڵ بگەڕێتەوە کەرکووک، چونکە ڕەوشەکە ئاسایی نییە بۆ گەڕانەوە."
عەدنان کەرکووکی لەبارەی مەرجەکانی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوك وتویهتی "پێشتر پارتی پڕۆژەیەکی بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک پێشکەش کردبوو، چوار خالی لەخۆ گرتبوو، یەکێک لەوانە پۆلیسی محەلیی ناوشاری کەرکووک بپارێزێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک تا بتوانێت بەرگری لەو ناوچانە بکات، ھەروەھا خاڵێکی دیکەش پەیوەستە بە ئیدارەی کەرکووکەوە."