نەوا-
گفتوگۆكانی بەرپرسانی ئەمریكا و عیراق لەبارەی كۆتایهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامە.
ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق لە وتارێكدا كە رۆژنامەی سەباحی فەرمی عیراق بڵاویكردوەتەوە، باس لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق، داهاتووی هێزەكانی هاوپەیمانان و یارمەتیەكانی واشنتن بۆ بەغداد و چەند پرسێكی دیكە دەكات و ئاشكرایدەكات، لە 20 ساڵی رابردوودا واشنتن بە بەهای 11 ملیار دۆلار هاوكاریی بەغدای كردووە.
رۆمانۆسكی ئاشكرایدەكات، كارەكانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان ئەمریكا و عیراق سەبارەت بە داهاتووی كاری هێزەكانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی بوونی سەربازی ئەمریكا لە ناوخاكی عیراق دەستیپێكردووە.
باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق راشیگەیاندووە، دەمانەوێت هێزە ئەمنییەكانی عیراق توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی هەبێت كە لە داهاتوودا روبەڕوویان دەبنەوە.
ئاماژەبەوەشدەكات، پێویستمان بە پەیوەندییە ئابووری، رۆشنبیری، پەروەردەیی و جەماوەرییەكانە كە عیراقێكی نوێ، سەقامگیر، ئارامی خاوەنی سەروەری و گەشەسەندووی گرێدراوی جیهان بونیادبنێت.