نەوا-
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و عومەر ئەحمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمیسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، لە دیدارەكەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی ئامادەكارییە بەردەوامەكان كرد بۆ هەڵبژاردنی گشتی و كاركردن لەسەر دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانیان لەپێناو بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەبێ دواكەوتن و بەئاسانی.
ئاماژەی بەوەشكراوە، لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، باس لە رێكارەكانی كۆمسیۆن كرا، بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بەردەوامیی تۆماركردنی دەنگدەرانی نوێ، بەمەبەستی دەستەبەركردنی مافی هەموو هاوڵاتیان بۆ گێڕانی رۆڵی خۆیان لە هەڵبژاردنەكان.
ئەمە لە كاتێكدایە، بڕیارە لە مانگەكانی كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.