لە داهاتودا وەزارەتی نەوتی عیراق رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەكات

پێش 1 هەفتە عێراق

نەوا-
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، پرۆژەیەكیان هەیە كە تا ساڵی 2029 رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەننە شەش ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.
باسم محەمەد خزەیر بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، وەزارەتەكەیان توانای بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە چوارچێوەی پلانێكی پێنج ساڵەدا زیاد دەكات، پلانەكەشیان ئەوەیە لەنێوان ساڵانی 2028 بۆ 2029 ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بگەیەننە زیاتر لە شەش ملیۆن بەرمیل.
بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاندوە، پڕۆژەیەكیان ئامادەكردوە سەرجەم پارێزگاكان دەگرێتەوە سودمەندانی ئەو پرۆژەیە كۆمپانیاكانی گەڕان و هەڵكەندنی بیری نەوتیش دەگرێتەوە بە مەرجێك مۆڵەتپێدراوبن.
خزەیر باسی لەوەشكردوە، یەكێك لە دیارترین پڕۆژەكانی ئێستای دەرهێنانی نەوت پڕۆژەی پەرەپێدانی دەرهێنانی غازە لە كێڵگەیەكی باشورو هەروەها پەرەپێدانی چوار كێڵگەی تری نەوتە لەكەركوك كە رێككەوتنیان لەسەر كردوە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوشدا گرێبەستێكی تر لەگەڵ كۆمپانیای بریتش پترۆلیۆمی بەریتانیا واژۆ بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group