نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ڕایگەیاند، سبەی پێنجشەممە دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردوە، ئەمڕۆ دوای دوو هەفتە لە كۆبونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردن و وەڵامدانەوە و پێدانی ڕونكردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواكارییە نوێیانەی كە بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە هاتبوە ئاراوە، بری 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دینار خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو بڕە تەمویلە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی شوبات داواكرابو بەبێ هیچ لێبڕینێك خەرج كرا، تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان سوپاسی تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ دەكات كە بەدرێژایی ماوەی دوو هەفتەی ڕابردو هاوكار و هەماهەنگ بون و وەك یەك تیم كاریان كردوە بۆ تەواوكردنی سەرجەم ڕێكارەكانی وردبینی لە لیستی موچە و ناردنی تەمویلی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
پەیوەست بە دابەشكردنی موچە ڕونیكردوەتەوە، سبەی پێنجشەممە دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت و لە چەند ڕۆژێكدا موچەی سەرجەم موچەخۆران دابەش دەكرێت.
باسی لەوەشكردوە، بەپێی گشتاندن و ڕێنمایی لەدوای (10)ی هەمو مانگێك ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە ئامادە دەكرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش لەم ڕۆژانەدا ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگی شوبات ئامادە دەكرێت بەمەبەستی دیاریكردنی پشكی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ لەنزیكترین كاتدا.
ئەوەشی خستوەتەڕو، هەوڵەكانی چڕ كردوەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەكان و سەرۆكایەتیەكان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لەهەفتەی داهاتودا لیستی موچەی مانگی (ئازار/3) ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بكرێت.