تەندروستی هەولێر چاكبونەوەی دوو توشبوی كۆرۆنا ئاشكرادەكات و دەنگۆیەكیش رەتدەكاتەوە

29/03/2020

نەوا
لە رونكردنەوەیەكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر رەتیدەكاتەوە ئەو منداڵەی لە هەولێر گیانی لەدەستداوە بەهۆی كۆرۆناوە بوبێت، ئەوەش دەڵێت: "دوو توشبووی دیكەی پەتای كۆرۆنا لە هەولێر بەتەواوی چاكبوونەتەوە".
پەیجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاندووە، دوو نەخۆشی دیكە لە شاری هەولێر بەتەواوی چاكبوونەوە، ئەوەش دوای وەرگرتنی چارەسەرو تەواوكردنی ماوەی زانستی بڕیاردراو.
باسی لەوەشكردووە، دوای چەندینجار پشكنین ئەو دوو توشبووە بەتەوای گەڕانەوە باری ئاسایی و لە ئێستادا كۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی كە چاكبونەتەوە پێنج نەخۆشە.
لە لایەكی دیكەوە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان گوایە منداڵێك لە گوندی سێبیران بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستداوە، بۆ رای گشتی و هاووڵاتیان رووندەكەینەوە كە دوای ئەوەی لە گوندی سێبیران نیشانەكانی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركەوت پشكنین بۆ هاووڵاتیانی ئەم گوندە ئەنجامدرا یەكێك لەم كەسانە منداڵێكی تەمەن 8 ساڵان بوو كە بۆ خۆی شەلەل دەماغی هەبوو واتە (ئیفلیجی مێشك) كە لە رێكەوتی 16-3-2020 لە رێگەی تیمە تەندروستیەكانمان پشكنینی بۆ ئەنجامدرابوو دەركەوت هەڵگری ڤایرۆسی كۆڕۆنا نیە.
پەیجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر جەخت لەوەشدەكاتەوە، كۆچی دوای ئەو منداڵە هیچ پەیوەندیەكی بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە نییە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group