مۆڵەتی هاتوچۆی شەوانە هەڵوەشێنرایەوە

21/03/2020

نەوا
ئەمڕۆ شەممە 21-3-2020 راگەیاندنی پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

راگەیەندراوێك لە پارێزگای هەولێرەوە
1-دوێنێ 2020.3.20 بڕیاروابوو بە ئامادەبوونی تەنها (8) هەشت كەس، بەشێوەیەكی سمبولیك، ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای هەولێر بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی چەند كەس و لایەنێك، بێجگە لە ژمارەیەكی زۆری كەناڵەكانی راگەیاندن، خەڵكێكی تریش لەوێ ئامادەبوون، ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر لێكۆڵینەوەی لەو هەڵەیەی ڕوویدا، كرد و لەئەنجامیشدا چەند كەسێك سزادران.
2-بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕاوێژ لەگەڵ پارێزگاكان، بۆ كارئاسانی هاوڵاتییان و دابینكردنی هەندێك پێداویستی زەروریی كاتژمێر (12)ی شەو تاوەكو (5)ی بەرەبەیان دیاری كرابوو بۆ ئەوەی هاوڵاتییان بتوانن بە سنوورداری هاتووچۆ بكەن، بەڵام دیارە ئەمە لەلایەن خەڵكانێك بۆ گەشت و سەیران قۆسترایەوە و شەوی ڕابردوو كۆمەڵێك خەڵك لەهەولێر چوونەدەر، بۆیە بڕیارماندا لە ئەمڕۆ بەدواوە دەرفەت بەهیچ كەس نادرێت لە دوای كاتژمێر (12)ی شەو هاتووچۆ بكات، چ ئەوانەی لە هەولێر دەردەچن، یان ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و غەرامەدەكرێن و سزا دەدرێن. بۆیە داوا لە هەموو لایەك دەكەین پابەندبن.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2020.3.21


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group