نەوا-
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، پێش وەرگرتنی ناوی دەستگیركراوانی ئیسرائیلی كە چاوەڕوان دەكرێت ئازاد بكرێن، ئاگربەست راناگەینرێت.
ئەو لێدوانەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەكاتێكدایە كە ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەكان ئاماژەیان بەوە كردبو، كە بزوتنەوەی حەماس لیستی ناوی سێ ژنە دەستگیركراوی ڕادەست نەكردوە كە بەنیازە ئازادیان بكات.
هاوكات سەرچاوەكانی ناو حەماس ڕایانگەیاندوە، كە بزوتنەوەكە نێوەندگرانی ئاگادار كردوەتەوە كە لیستەكە ڕادەست دەكات دوای ئەوەی دەستگیركراوەكان گواسترانەوە بۆ شوێنێكی سەلامەت.
لای خۆشیەوە، نوسینگەی نەتەنیاهۆ بڵاویكردەوە، سەرۆك وەزیران لە شەوێكدا هەڵسەنگاندنێكی ئەمنی ئەنجامداوە سەبارەت بە دواكەوتنی وەرگرتنی لیستی دەستگیركراوەكان، كە پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ بڵاوبكرێنەوە.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشداوە، لە غەززە ئاگربەست ڕاناگەیەنرێت بەبێ ئەوەی ناوی ئەو كەسە ڕفێنراوانە وەربگیرێت كە مەبەست لێی وەرگرتنی لیستی ناوەكانە لە حەماس.