نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی عیراق دەستیكرد بە تەمویلكردنی موچەی مانگی 1ی ساڵی 2025ی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازیی.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی دارایی عیراق بڵاویكردۆتەوە، بەڕێوەبەرایەتی ژمێركاریی لە وەزارەتی دارایی دەستیكردوە بە تەمویلكردنی موچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی لەگەڵ چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ موچەی مانگی 1ی ساڵی 2025.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندوە، هەر خانەنشینێكی مەدەنی و سەربازی لە رێگەی موبایلەوە نامەی بەدەستگەیشت دەتوانێت سەردانی ئامێرەكانی راكێشانی پارە لەشاری بەغداو پارێزگاكانی تر بكات لەو بانكەی لێی تۆمار كراوە تاكو موچەكەی وەربگرێت.
وەزارەتی دارایی عیراق دڵنیاییشیداوە بە خانەنشینان كە موچەكانیان زامن كراوە هیچ كەمبونێكیان لە نەختینە نییەو دەتوانن موچە دابەشبكەن، ئەوەشی لەوبارەیەوە پروپاگەندە بڵاودەكاتەوە دورە لە راستییەوەو بێبنەمایە.
جێی ئاماژەیە لەگەڵ ئەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەرچوە، بەڵام تائێستا تەوتین لە بانكە فیدراڵییەكان نەكراوەو بەوهۆیەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دواكەوتوە، لەئێستاشدا دەستكراوە بە دابەشكردنی موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردو و بۆ مانگی 12ش چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە.