سێ درز لە ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕاندا

هۆشیار عەبدوڵڵا

27/09/2019

نە ئێستا هەر لە شاخەوە پارتی لە رێککەوتنەکاندا ئینتیقائی مامەڵەی کردوە،تا رێکەوتن دەسازێنێ زۆر دێتە پێشەوە،کە واژۆ کرا چیی لە بەرژەوەندەی خۆی بێت جێبەجێی ئەکا،چیی لە سودی ئەو نەبێت ئیهمالی ئەکا،ئەمە راستیەکە لە هەمو رێکەوتنەکانی پارتیدا لە شاخ و شار،لە شەڕ و ئاشتیدا،زەق و ڕونە.
لە دانوستاندا پارتی بەڵێنی بێ گومرگ و قسەی حسابی زۆر ئەکا،بەهار دێنێتە چۆکان،هیچ رستەیەکی نیە گوڵگوڵی نەبێت،هەنگوینی لەدەم ئەبارێ،بەڵام هەر تا رێکەوتن کرا،ئیدی چاوی بەرژەوەندی خۆی نەبێ هیچ شتێک نابینێ.
لەم سەرەتایەی کابینەی نۆ دا، پارتی لانیکەم لە سێ لاوە رێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان شکاندوە:
یەک:بە گوێرەی هەمو جەولەکانی گفتوگۆی نێوان گۆڕان و پارتی،لە باسیی نەوتدا پارتی واینیشانداوە و بەڵێنی وابوە کە ئەوان دەیانەوێ بە پەلە ڕێکبکەون لەگەڵ بەغداد و نەوتەکە بە زویی رادەست ئەکەن و تاکە چارەسەر لایان سازانە لەگەڵ بەغداد.
هەتا ئێستا نە نەوتیان رادەست کردوە و نە رێککەوتون لەگەڵ بەغداد،بەمەش مەترسیان بۆسەر بودجە و موچەی خەڵک دروستکردوە.
دو:بریار وابو لە مانگی یەکەمی کاری پەرلەماندا یاسای چاکسازی موچە بێتە پەرلەمان و تێبپەرێنرێت، بە گوێرەی زانیاریەکان ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە یاساکە بێتە پەرلەمان لیژنەیەکیش پێکھاتوە، بەڵام تائێستا لیژنەکە کۆنەبوەتەوە! ئەمە لە کاتێکدا ئیرادە و ئیدارەی هەردو سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان بە تەواوی و لە سەدا سەد لای پارتیە.
سێ:بریار وابو جگە لە جێگری سەرۆکی حکومەت،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران یەک یاریدەدەری هەبێت بۆ کاروباری چاکسازی و ئەوەش لە پشکی گۆڕان بێت و یاسای بۆ دەربکرێ و بە یاسا ئەرک و فەرمانی بۆ دیاریبکرێ،کەچی ئێستا رۆژانە سەرۆکی حکومەت بە نایاسایی و بێ ئەوەی دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت و یاسا ریگەی پێبدا،خەڵکانێكی پارتی (لە هەڵبژاردنی دەموچاوەکانیشدا بێ هیچ جۆرە موراعاتێکی گۆڕان)،دەکاتە یاریدەدەری خۆی!
پێویست بو یەکێتی کە بە حساب لە سەرۆکایەتی حکومەتدا جێگری هەیە لە گۆڕان زیاتر گرفتی لەگەڵ دانانی نایاسایانەی ئەو یاریدەدەرانە هەبێت بە تایبەت کە هێشتا جێگرەکەی لەسەر کورسی یەدەگ دانیشێنراوە و دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نیە و دانانی هەمو یاریدەدەرێکیش کەمکردنەوەی روبەر و دەرفەتی دەسەڵاتەکانی جێگرە،بەڵام تائێستا هەست ناکرێ کە گرفت بێت لایان و وەک زۆر شتی تر بە گیانی وەرزشی وەریانگرتوە.
من ناڵێم ئەو سێ درزە کۆتایی رێکەوتنی نێوان پارتی و گۆڕانە، لەگەڵ ئەوەشدام گۆڕان نەفەسی درێژ بێت و پەلە نەکات،بەڵام گرنگە دیسان بەڵێن شکێنیەکەی پارتی بۆ ئەم رێکەوتنەش دۆکۆمێنت بکرێ.
لە نێوان شەش مانگ بۆ ساڵی یەکەمیی تەمەنی ئەم کابینەیە زۆر شت بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەکلا دەبێتەوە و لە هەمو بارێکدا من لایەنگری ئەوەم کە گۆڕان بەرپرسیارانە مامەڵە بکا چونکە ئەرکی سەرشانی گۆڕان لە هاوکیشەی سیاسی هەرێمدا لە زۆر لایەن قورسترە،ئەمە ئەمری واقعە نەک دیعایەیەکی حزبی.
بڕوانن کە گۆڕان لە هاوکێشەی ئۆپۆزسێۆندا نامێنێ دۆخی ئۆپۆزسێۆن چۆنە؟ دیقەت لە سەنگ و رۆڵ و جوڵەی ئۆپۆزسێۆنی ئێستا بدەن چەند بزرو و لاوازە،کاتێکیش گۆڕان دەچێتە حکومەتەوە چاوەروانی خەلک لێی گەورەیە و زۆر جار لە حەجمی خۆی زیاتر فشاری دەخاتە سەر و چاوی لەوەیە شتێک بکا، شتێک بگۆرێ،چونکە ئەو بزوتنەوەیە بە دەنگی خەلك بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی دروست بوە،خۆی لەو دو ئەرکە بێبەری بکا نامێنێ.
ئەو سێ درزە کە سێ مەلەفی گرنگن بریتین لە (مەلەفی نەوت) و (چاکسازی موچە) و (بە نا یاسایی بەخشینەوەی پۆست و پایە) سێ مەلەفن پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی خەلکەوە هەیە،گرفتی حزبی و سیاسیی نین و چاکسازی تێیاندا بۆ چاوی رەشی گۆڕان نیە بۆ سەرکەوتنی حوکمڕانیە.
وەفدی دانوستاندنی گۆڕان باسیی دەرفەتێکی سەرەتایی شەش مانگیان دەکرد بۆ ئەم کابینەیە بزانین لە شەش مانگ و تەنانەت ساڵی یەکەمی تەمەنی ئەم کابینەیە هەنگاوەکانی گۆڕین و چاکسازی دەگەن بەکوێ؟ تا ئەو کاتەش بە هەمو تواناوە پشتیوانی هەمو هەوڵێک دەبین بە ئاراستەی چاکسازیدا و بێگومان بەدەنگی بەرزیش دژی هەر لادان و چەقبەستنێک دەبین کە رێگر بێت لە گۆڕانکاری.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group