هەرێم دەبێ داهاتی ناوخۆ بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی

هۆشیار عەبدوڵڵا

25/03/2019

"وەك چۆن لە موازەنە توانیمان موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە كێشەی نەوت لابدەین وجیای بكەینەوە ، ئەمرۆش توانیمان پشكی موچە لە كێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم لابدەین".
ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی لیژنەی مالیە ، جارێكی تر لەسەر پشكی هەرێم و هەوڵدان بۆ برینی ئەو پشكەی ئێستا دێت بۆ هەرێم لەگەڵ بەشێك لە پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی لێمان بو بە كێشە و گفتوگۆی توند .
كێشەكە ئەوەیە بە گویڕەی رای سەرۆكی دەستەی مەرزەكانی عێراق كە لە 10ی ئازار بانگهێشتی لیژنەی مالیە كراوە ، لە ئێستادا هەرێم پابەند بوە بە تاریفەی رەسمی گومرگی بەڵام داهاتەكەی ناگەرێنێتەوە بۆ خەزێنەی ئیتیحادی .
لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەو راپۆرتەكرا كە قەرارە پێنج شەممە بخوێنرێتەوە و تیایدا چەند راسپاردەیەك جێگیر كراوە ، یەكێك لە ئەندامانی لیژنەی مالیە پێشنیاری كرد كە ئەگەر هەرێم پابەند نەبو بە گەراندنەوەی داهاتی ناوخۆ لە بەرامبەردا ئەو بڕە لە پشكی هەرێم ببردرێت .
ئێمە ئەندامە كوردەكان دژ بوین و وەڵامماندایەوە .
وەڵامی بەندە ئەوە بو كە ئێمە دەزانین داهاتی ناوخۆ لە هەرێم گەندەڵی تێدایە ، دەزانین كە ئەحزاب سودی لێدەبینن نەك حكومەت ، پارەی داهاتی ناوخۆ نەك (هەموی) بۆ خەزێنەی حكومەتی ئیتیحادی ناگەرێتەوە بەڵكو بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمیش (كەمێكی نەبێت) ئەوەی تری ئەروات بۆ ئەحزاب و ناگەڕێتەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێك قبوڵمان نیە باسی پشكی ئێستای هەرێم بكرێت كە بۆ موچەی فەرمانبەرانە و مەعقول نییە بەغداد ئالیەتی تر شك نەبات لە هەمو كێشەیەك تەنها پارەی فەرمانبەرانی بەدەستەوە بێت هەڕەشەی برینی بكات .
وتمان ئیجرائاتی تر چیتان پێ باشە بەو مەرجەی دور بێت لە موچەی خەڵك لەگەڵتانین.
گفتوگۆكان توندتر دەبون:
وتمان ئێمە هەموی مانگێكە فەرمانبەرانمان پاش زیاتر لە سێ ساڵ پاشەكەوتی زۆرە ملێ موچەیەكیان بە تەواوی وەرگرتوە قبوڵمان نیە باسی ئەو پارەیە بكرێت كە دەچێ بۆ موچە با حكومەتی ئیتیحادی لەگەڵ هەرێمدا بگاتە نەتیجە .
لە نەتیجەدا توانیمان قەناعەتیان پێ بهێنین كە موچەی فەرمانبەران لە كێشەی داهاتی ناوخۆش لابدەین وەك چۆن لە موازەنەدا لە كێشەی نەوت لاماندا ، دواجار بە شیوازێك دەقەكە داڕێژرا كە دەست بۆ پشكی هەرێم لە موچەی فەرمانبەران نابرێت .
قسەیەكی راشكاو :
دەمەوێت رایگشتی خەلكی كوردستان لەو راستیە ئاگادار بكەمەوە كە ئەگەر هەرێم و بە زویی هەنگاو نەنێت بە ئاراستەیەك كە مامەڵەیەكی شەفاف لەگەڵ داهاتی نەوتی و داهاتی ناوخۆدا بكات دەبێت بزانێت لە ئایندەی نزیكدا ئەو كێشانە یەخەمان دەگرنەوە و ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام نابێت .
گرنگە هەرێم بۆ بەردەم رایگشتی هەرێم و عیراقیش بە رونی داهاتی ناوخۆ و نەوت بخاتە رو ، چیتر دیزە بەدەرخۆنەكردن لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و كەسی بە پارەی داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت ناچێتە سەر و ئێمەی نوێنەرانی كوردیش پاساوی بابەتی وامان پێ نابێت كە داكۆكی بكەین .
ئێمە لە داكۆكیكردن لە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بەردەوام دەبین و سورین لەسەر ئەوەی كە بە جیا مامەلەی لەگەلدا بكرێت بەڵام دەبێ حكومەتی هەرێم بزانێت وەك ئەوەی ئێستا كە بڵێ نەوتی خۆم دەفرۆشم، داهاتی ناوخۆ ناگەڕێنمەوە خەزێنەی ئیتیحادی و دەبێ پارەشم لە بەغداوە بۆ بێت ، بەردەوام نابێت .
گرنگە رون بێت ئەوەی ئەمڕۆ رێمان لێگرت هەرگیز داكۆكی نیە لە چۆنێتی مامەلە بە داهاتی ناوخۆی هەرێمەوە چونكە دەزانین پڕە لە گەندەڵی بەڵام خەمی موچەی خەڵكمانە كە جارێكی تر نەبردرێت و لەو پێناوەشدا ئەم هۆشداریە پێشوەختەمان بڵاوكردەوە .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group