"چەند رۆژێكە بە تایبەت لە دوێنێوە پرسیارێكی زۆر دەكرێت لەسەرئەوەی چوار حزبەكە لەو دابەشبونەی دروستبوە لە عێراقدا بڕۆنە كام بەرەوە، ئەمەی خوارەوە پوختەی رای ئێمەیە". ئەو هێزانەی كە سودمەندبون لە تێپەڕبونی ئەنجامە پڕ ساختەكاریەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پەلەی دروستكردنی كوتلەی گەورەیانە . نابێ ئەو هێزانەی كە زەرەرمەندبون لە ساختەكاریەكان ، بەهەمان نەفەس هەوڵ بدەن بۆ شەرعیەتدان بە پرۆسەیەك كە پڕی بوە لە ساختە و غەدر و ئیرادە دزین . ئەو دوو جەبهەیەی كە دروستبوە بۆ دروستكردنی كوتلەی گەورە، هیچ كامیان ناتوانن حكومەتێكی سەركەوتو دروستبكەن، ناتوانن ئارامیش لە پرۆسەی سیاسیدا بچەسپێنن، هەر كابینیەكیش كە رابگەیەنرێت ئاسان نییە بتوانێ بەردەوام بێت، كێشەكانی عێراق لەبەردەم تەقینەوەی زیاتردان نەك چارەسەر، با ئەم دۆخە بكرێتە بەرپرسیارێتی ئەو هێزانەی تەزویریان كردوە و دەنگیان دزیوە با بزانرێت چیان پێ دەكرێت . ئەو هێزە كوردستانیانەی تەزویریان لێكراوە، بە دیدی بەندە نابێ لە دوو بژاردە زیاتر تاوتوێ بكەن: یەك : كشانەوە لە كۆی پرۆسەی سیاسی، دەبێ بژاردەی موقاتەعە بەهەند وەربگیرێ، دیراسە بكرێ، دیبەت و گفتوگۆی فراوانی لەبارەوە ساز بكرێ و یەكسەر رەتنەكرێتەوە. دو: ئەگەر كشانەوە بە باش نەزانرا، لە ئێستاوە راگەیاندنی ئەوەی ئەو چوار فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆن دەبن و بەشداری هیچ حكومەتێك ناكەن و دور دەبن لە دەسەڵاتی تەنفیزی و حكومەت . ئەو هێزانە دەبێت بیسەلمێنن كە ساختەكاری نابێتەهۆی دروستبونی ئارامی سیاسی، نابێ چاویان لە پۆستەكانی بەغداد بێت، دەبێت چاویان لە كاریگەربون بێت لەناو پرۆسە سیاسیەكە لە دەرەوەی ئەو هەڵپەیەی ساختەكارەكان بۆ دابەشكردنی كێكەكە ئەیكەن . بە دیدی بەندە، تاوانێكی نیشتمانی گەورەیە ئەو چوار فراكسیۆنە لەگەڵ پارتی و یەكێتی بڕۆنە هەر هاوپەیمانیەتێكەوە، چونكە لای هەموان رونە ئەوان بۆ بەرژەوەندی شەخسی و خێزانی و حزبی دەچنە هاوپەیمانێتیەوە نەك لە پێناو مافەكانی خەڵكی كوردستان. ئەو دو بەناو حزبە كە تەزویرێكی بەربڵاویان لە چوار حزبەكەی تر بە تایبەت گۆڕان كردوە، لێیان گەڕێن با پۆستەكانی بەغداد بۆ ئەوان بێت، بزانن ئەتوانن چی بەدەست بهێنن، با تا چوار ساڵی داهاتوو ئەوان ئۆباڵی شكستە حەتمیەكانی نوێنەرایەتیكردنی هەرێم لانی كەم لە حكومەتی عیراقدا هەڵبگرن . با ئەوان بڕۆنە حكومەتەوە، پۆستەكان وەربگرن ئەركە نیشتمانی و دروستەكە ئەوەیە پەرلەمانتارانی ئەو چوار فراكسیۆنە پەتپەتێنیان پێ بكەن، لێیان بپرسنەوە، گەندەڵیەكانیان كەشف بكەن، چاودێربن بەسەریانەوە . ئاخر پرسیارێكی هەر زۆر سادە، كورد لەوەتەی هەموی پێكەوە بەشداری حكومەتی عێراق دەكات جگە لە شكست سودی چی هەبوە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان؟! رێگا راستەكە ئەوەیە یا لە ئێستاوە ئیعلانی كشانەوە بكەن لە پرۆسەی سیاسی، یا مەڕۆنە تای تەرازوی هیچ لایەكەوە و لە ئێستاوە بڵێن ئێمە ئۆپۆزسیۆنین لە پەرلەمانی داهاتودا. كە ڕون و ڕاشكاو دەرەنجامی شكستی ئەو یاریەتان لێ دیارە بۆ دەبنە بەشێك لێی؟ بۆ لێی دور ناكەونەوە و تەبەڕای لێناكەن بەتایبەت كە بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوی عێراق، هیچ خزمەتێك بەژیانی هاووڵاتیانی هەرێم ناكات؟!