دەسەڵاتی دەوڵەمەندو حکومەتی‌ موفلیس‌، هۆکارو چارسەر

عومەر گوڵپی

08/05/2022

بەپێی‌ پێناسە زانستییەکان، حکومەت کاتێک بە موفلیس ئەژماردەکرێت کە نەتوانێت قەرزەکانی‌ بداتەوە، هەروەها دەستەوسان بێت لەبەردەم بەڕێکردنی‌ کارە داراییەکانی‌‌و خەرجکردنی‌ مووچەو شایستەی‌ دارایی‌ هاووڵاتیان‌و مووچەخۆران.
ئەگەر جورئەتی‌ ئەوە بدەینە خۆمان بڵێین لە کوردستان حکومەت بەپێی پێناسە زانستییەکان بوونی هەیە، ئەوە بەمانای‌ وشە ئەو حکومەتە ئیفلاسی‌ کردووە، ئەوانەشی‌ ئیفلاسیان بە حکومەت کردووە بریتین لە بڕیاربەدەستانی‌ هەردوو حزبی‌ دەسەڵات، ئەوەش بەهۆی‌ سیاسەتی‌ چەوتی‌ بەڕێوەبردنیان لە ماوەی‌ نۆ کابینەی یەک لە دواییەک، لە سی ساڵی‌ ڕابردوودا.
یەک/ بۆچی‌ حکومەت ئیفلاسی‌ کردووە؟
سەرەڕای‌ داهاتی‌ زۆری‌ کوردستان بەهۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ بەردەوامی نرخی‌ نەوت‌و بەردەوام زیادبوونی‌ داهات لە سەرچاوەکانی گومرگ‌و باج‌و ڕسوماتەوە، بەڵام لە خوارەوە دۆخی‌ خراپی دارایی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەخەینەڕوو، تا ڕوونتر دەرکەوێت کە بێجگە لە "ئیفلاس" دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت:
١ـ حکومەت توانای‌ خەرجکردنی‌ مووچەی‌ مووچەخۆرانی‌ نیە بە پێی‌ کات‌و بەرنامەیەکی‌ ڕێک‌و پێکی مانگانە کە متمانە لای‌ مووچەخۆران دروست بکات‌، هەروەها ببێتە هۆی‌ سەقامیگریی بازاڕو پاراستنی هاوسەنگییەکەی‌.
٢ـ حکومەت تا ئێستا نزیکەی (٢١ ترلیۆن دینار) قەرزاری‌ مووچەخۆرانەو تا ئێستا هیچ بەرنامەو پلانێکی‌ نیە بۆ گەڕاندنەوەی‌ ئەو قەرزانە! بۆ هاووڵاتیان، ئەمە بێجگە لە چەند ترلیۆن دینارێک قەرزی تر کە نە بڕەکەی نەهۆکاری قەرزەکە دیارنییە، ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانی پارەی بانکە ئەهلیەکان و پارەی هاووڵاتیان و صندوقە جۆراو جۆرەکان، بەبێ هیچ پشتیوانیەکی یاسایی و هیچ پلان و بەرنامەیەک بۆ گەڕاندنەوەیان.
٣ـ حکومەت نزیکەی‌ (یەک ملیار دۆلار) قەرزاری‌ بەڵێندەرانەو تا ئێستا هیچ بەرنامەیەکی‌ نیە بۆ گەڕاندنەوەی‌ ئەو پارانە کە مافی‌ یاسایی‌‌و شەرعی‌ خۆیانەو لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا سەدان بەڵێندەر بەو هۆیەوە تووشی‌ قەرزاری‌‌و کێشەی‌ کۆمەڵایەتی‌ بوون بەهۆی‌ دەستبەسەراگرتنی‌ پارەکانیان لەلایەن حکومەتەوە.
٤ـ بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران، زیاتر لە شەش ساڵە پلە بەرزکردنەوەی‌ فەرمانبەران‌ ڕاگیراوە، بەو بڕیارەش‌ مانگانە لەنێوان (٦٠ تا ٣٠٠ هەزار دینار) زیان بە فەرمانبەرانی‌ شارستانی‌ دەکەوێت.
٥ـ بانکەکان یەک دیناریان تێدا نیەو هیچ پشتیوانیەکی‌ دارایی بۆ هیچ چین‌و توێژو سێکتەرێک بوونی‌ نیە، لەکاتێکدا نەبوونی پشتیوانی بەشێوەی مینحە یان قەرز بۆ جوتیاران و بازرگانان و پیشەوەران و گەنجانی بێکار، دۆخی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتربوون دەبات.
٦ـ زیاتر لە (٢٠,٠٠٠) فەرمانبەری‌ گرێبەست چاوەرێن بڕیاری‌ بە هەمیشەییکردنی‌ ڕاژەکانیان بدرێت، کە بەپێی‌ بنەما دەستوریی‌‌و یاسایییەکان‌و ڕێنماییەکانی‌ حکومەت خۆشی‌ دەبوو دوای‌ سێ ساڵ لە کارکردن بکرێنە هەمیشیەیی‌، بەڵام هیچ بەرچاوڕوونیەک تا ئێستا بۆ بەهەمیشەییکردنیان نیە.
٧ـ زیاتر لە (٦٠٠ هەزار) هاووڵاتی‌ بێکارن کە نزیکەی‌ (٤٠٠ هەزار)یان گەنجانی تەمەن (١٦ بۆ ٢٤ساڵ)ن، لەناو ئەو بێکارانەشدا زیاتر لە (٢٠,٠٠٠) گەنج بەناونیشانی مامۆستای وانەبێژ (کە لە هیچ یاسایەکدا ناونیشانی کارکردنی لەمجۆرە بوونی نیە) ناچاری کارکردنن لە دۆخێکی خراپی بژێوی و کەم و کورتی لە مافدا، حکومەتیش هیچ بەرنامەو پلانێکی‌ نیە بۆ ڕزگارکردنی‌ هاووڵاتیانی‌ بێکار بەتایبەت گەنجان لەو دۆخەی‌ تیایدان!
٨ـ بە بەهای‌ نزیکەی ( پێنج ملیار دۆلار) نزیکەی (٣,٥٠٠) پڕۆژەی جۆراو جۆر وەستاون، بەشێک لەو پڕۆژانەش بەهۆی وازلێهێنانیان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە کە بە ملیۆنەها دۆلار دەخەمڵێنرێت، حکومەتیش هیچ پلان‌و بەرنامەیەکی نیە بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو پڕۆژانەو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان!
٩ـ لەماوەی‌ دە ساڵی‌ ڕابردوودا، دەیان‌و سەدان کۆڵان‌و گەڕەکی‌ نوێ لە شارو شارۆچکەکان دروست بوون‌ کە بەدەست کێشەکانی نەبوونی ڕێگاوبان‌و ئاوی‌ خواردنەوەو ئاوەڕۆو نەخۆشخانەو قوتابخانەو سەوزایی‌ و کەمی خزمەتگوزاریی دەناڵێنن، حکومەتیش هیچ بەرنامەو پلانێکی‌ نیە بۆ وەڵامدانەوەی‌ داوای‌ ئەو هاووڵاتیانە لەو گەڕەک و کۆڵانە نوێیانەو کۆتایهێنان بە چاوەڕوانیان!
١٠ـ حکومەت یاسای‌ بودجەی‌ نیە، هەروەها هیچ شەفافیەتێکیشی‌ لە داهات‌و خەرجیەکانی‌ نیەو هیچ کەس نازانێت بەرنامەو پلانی‌ بۆ هەر ساڵێکی‌ دارایی‌ بۆ سێکتەرو بوارە جیاجیاکان و ژیانی‌ خەڵک چیە؟
لە بەرانبەر ئەم دۆخە داراییەی حکومەتدا، حزبەکانی دەسەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەوڵەمەند دەبن، ئاشکراتر لەڕێگەی کۆمپانیاکانیانەوە داهات بۆ خۆیان کۆ دەکەنەوە، بەڕێگەو شێوازی جۆراو جۆر زیاتر دەست بەسەر زەوی نایاب لەشارەکان دەگرن و زیاتر تەنگ بە سەرمایەدارە ڕاستەقینەکان هەڵدەچنن بۆ پشکی خۆیان، بەجۆرێک بە پێی زانیارییەکان لەماوەی ساڵێکی ڕابردوودا ژمارەیەک سەرمایەداری کورد ڕوویان لە بەغداو شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە بۆ کاری بازرگانی و وەبەرهێنان، چونکە پێیان وایە ئەوێ شوێنێکی باشترە بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان، ئەمەش سەرەتای مەترسییەکی گەورەیە کە هەڵهاتنی سەرمایەدارەکانە، ئەم دیاردەیەش خراپتربوونی دۆخی بێکاری و جوڵەی بازاڕ لە هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
دوو/ چارەسەر چییە؟
دەکرێت ئاماژە بە دوو ڕێگەی سەرەکی چارەسەر بدەین، کە یەکێکیان پەیوەندی بەناوخۆی کوردستان و ئەویتریان ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا هەیە، بەتایبەت پاش بڕیاری دادگای فیدراڵی لە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە ئەم دوو ڕێگایە پێکەوە دەتوانن چارەسەری ئەم دۆخە بکەن نەوەک بە تەنها.
چارەسەری یەکەمیان لە ناوخۆیە، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەردەوامی باشبوونی داهاتەوەیە، بەو هۆیەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بارە خوارەکان ڕاست بکاتەوەو خۆی لەم دۆخە خراپەی دارایی ڕزگار بکات، بەو مەرجەی حزبەکانی دەسەڵات دەست لە سەرچاوەکانی داهات وەرنەدەن و ڕێگە بدەن هەموو داهاتەکان بگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی، هەروەها شەفافیەت لە داهات و خەرجی بەرقەراربکرێت و یاسای بودجە ببێتە سەرچاوەی شەرعیەتی دەستنیشانکردنی تەرخانکراوو خەرجییەکان، هەروەها هەر لە یاسای بودجەدا قەرزەکان و چۆنیەتی دانەوەیان چ هی مووچەخۆران چ قەرزەکانی تر دەستنیشان بکرێن.
رێگەو چارەسەری دووەم بریتییە لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت کە ئێستە دۆخی دارایی بەغدا بەرەو باشبوون دەچێت، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پارەی یەدەگی بانکی مەرکەزی عێراقی بە دراوی جیهانی بۆ سەرو (٧٠ ملیار دۆلار) کە سێ جار زیاترە لە بڕی قەرزەکانی سەر عێراق، هەروەها بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق بەجۆرێک کە مێژووی عێراق داهاتی بەو رێژەیە بەخۆیەوە نەبینیوە.
ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەرفەتێکی زێڕین و تەنها ڕێگەو دەرەچەی ڕزگاربوونە لەم دۆخە خراپەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا هەرێمی کوردستان تەنها ئەوە لەدەستدەدات کە سەربەخۆ نەوت و غاز بفرۆشێت، بەڵام هەرێمی کوردستان لانیکەم لەم دۆخەدا دەبێتە شەریکی قاسە پڕەکەی بەغدا کە مانگانە بە پێی ڕێژەی (١٢,٦٨%)بەلای کەمەوە زیاتر لە (١,٤ ترلیۆن دینار) بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ هەرێم بێجگە لە داهاتەکانی ناوخۆ، لەلایەکی ترەوە ئەگەر پێش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر دۆسیەی نەوت ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا تەنها دەرفەتێک بووبێت، ئەوە پاش بڕیارەکە وەکچۆن رێککەوتن دەرفەتە ئاوا ڕێکنەکەوتن هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم کە زیاتر لە سەدا هەشتاو پێنجی داهاتی کوردستان پێکدەهێنێت، هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەشی بەرگەی هەڕەشەیەکی لەو جۆرە ناگرێت و نابێت بڕیار بەدەستانی حکومی و سیاسی لەناو حزبەکانی دەسەڵات ئەو موجازەفەیەش بە خەڵکی کوردستانەوە بکەن، چونکە سەرەنجامی باش نابێت و ئایندەی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بەرەو مەترسییەکی گەورە دەبات کە لێکەوتەکانی چاوەڕوان نەکراو دەبن لەسەر ژیانی خەڵک!
لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا خەڵک قازانج و حزبەکانی دەسەڵات زیان دەکەن، ئایا هەردوو حزبی دەسەڵات دوای ئیفلاسبوونی حکومەتەکەیان و تاقیکردنەوەی سەختی سیاسەتی بەناو ئابوری سەربەخۆ، ئامادەن دەست لە بەرژەوەندی خۆیان هەڵگرن لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە ئایندەیەکی نزیک وەڵامەکەی وەردەگرینەوە.
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٨ی‌ ٥ی‌ ٢٠٢٢

 

ئەم وتارە گوزارشتە لە بیروڕای نوسەرەكەی...

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group