"دەربارەی ئەوەی گوایە هەرێم نەوتەكە دەنێرێت!"

هۆشیار عەبدوڵڵا

23/11/2019

هەمیشە كۆتایی ساڵ و پێش هاتنی یاسای بودجە بۆ پەرلەمانی عیراق، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەڵێن پابەنددەبین و نەوتەكە دەنێرین، كە بودجە تێدەپەڕێت، پەشیمان دەبنەوە و ناینێرن.
ساڵی پار پێش یاسای بودجەی 2019 وایانكرد، پێشتریش لە 2015ەوە، هەمان شت پێش سەری ساڵ بەڵێنیان ئەدا و دوای تێپەڕبونی یاسای بودجە بەهانەیەكیان دەدۆزییەوە، تا بیكەنە پاساو و نەوتەكەیان نەدەنارد.
لە دڵەوە تەمەننا دەكەم ئەمجارە حكومەتی هەرێم بە جدی بێت و هەمان یاری ساڵانی رابردو نەبێت.
كاتیەتی نەوتەكە بنێرن و مەترسی سەر موچە و پشكی هەرێم بڕەوێننەوە و ئەركی ئێمەش لە لیژنەی دارایی بۆ گفتوگۆكانی بودجەی 2020 ئاسان بكەن.
ئەگەر گیرفانی قوڵی چەتەكانی نەوتی هەرێم رێگەبدات و هەست بە مەترسیە جدیەكانی دۆخەكە بكەن، ئاسانە و دەتوانن 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە بنێرن، خۆ ئەگەر هێشتا تێرنەبوبن، یا دۆسیەكە فرۆشرابێت و لە دەستی خۆیاندا نەمابێت، ئەوا بینەری هەمان یاری ساڵانی رابردو دەبین.
مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستان بەم مۆدێلەی ئێستا بەردەوام بێت، لە رابردودا چۆن بێموچەیی و نەهامەتی سەپاند بەسەر فەرمانبەر و خەڵكی هەرێمدا، لەئایندەدا كارەساتی گەورەتر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، كە تا نغرۆبونی هەرێم لە (قەیرانی قەرزدا) دەڕوات.
لە ئێستاوە با ڕون بێت و نەڵێن هۆشداریتان نەدا، دەست لە تاڵانكردنی نەوت و داهاتی هەرێم هەڵنەگرن، یاریەكە لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group