نەوا-
سەرچاوەیەك كورتەیەك لەسەر مێژوی ژیانی بەشار ئەسەد سەرۆكی روخاوی سوریا و خێزانەكەی بڵاودەكاتەوە.
ماڵپەڕی سی ئێن ئێن بڵاویكردۆتەوە، بەشار ئەسەد رژێمی تاكڕەوانەیی باوكی بە میرات گرت و وڵاتەكەی بە وێرانە بەجێهێشت، دەوڵەتێكی لەگەڵ هێزە چەكدارەكاندا لە شەڕێكی دڕندانە و ستەمكارانەدا لە دوڕیانێكدا هێشتەوە كە تێیدا سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی كوژران و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەكەی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت.
رونیشكراوەتەوە، بەشار ئەسەد هەرگیز چاوەڕێی ئەوەی نەدەكرد دەسەڵات لە باوكی وەربگرێت، باسل كە برا گەورەی ئەسەد بو چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرا كە ببێتە میراتگری حافیز ئەسەدی باوكی، بەڵام بەهۆی روداوێكی ئۆتۆمبێلەوە باسل كۆچی دوایی دەكات و بەشار دەهێنرێتەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی فێری كاروباری خێزانیی بێت، پێشتریش بەشار ئەسەد وەك پزیشكی چاو لە لەندەن راهێنانی كردوەو كەسانی ناوخۆی بنەماڵەكەی دەڵێن توانای بەڕێوەبردنی سوریای نەبوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەكرێت، كاتێك حافز ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا لە ساڵی 2000 كۆچی دوایی كرد، نوخبەی سوریا بەشار ئەسەدیان پاڵنا بۆ پۆستی سەرۆكایەتی، بەشار ئەسەد سەرەتا كە بو بە سەرۆك كۆمار رازی بو بە چاكسازی و سەدان زیندانی سیاسی ئازاد كرد، بەڵام ئەو ساتەوەختە كورتە گەشبینییەی كە ناوی لێنرا (بەهاری دیمەشق) لەناكاو كۆتایی هات و دواتر ناڕەزایەتییەكان لە سەرەتای ساڵی 2011 دا لە سەرانسەری سوریادا بڵاوبۆوە، رژێمەكە دەستیكرد بە سەركوتكردن و كۆمەڵكوژی.
باس لەوەشدەكرێت، نەتەوە یەكگرتوەكان كارەكانی ئەسەدی بە تاوانی جەنگ ناوزەند كردو بە دژی مرۆڤایەتی وەسفیكرد، بەردەوامی ئەو ئاژاوەگێڕییە بوە هۆی سەرهەڵدانی هێزی چەكداریی ناوخۆیی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی بێشومار لە ناوچەكەدا، دواتر روسیا بەشداری شەڕەكەی كردو ئەسەد و هاوپەیمانەكانی خەریك بو زەمینەیان لەدەست دەدا، روسیا بە ناردنی هێزی زیاتر تەرازوەكەی لە بەرژەوەندی ئەسەد وەرگێڕا.
ماڵپەڕی سی ئێن ئێن راشیگەیاندوە، كاتێك هێزەكانی روسیا لە ساڵی 2022 چونە ناو شەڕی ئۆكرانیاوە پاشەكشە بۆ دەسەڵاتی ئەسەد دەستی پێكرد، لە كۆتایی ساڵی 2024 هاوپەیمانە سەرەكییەكانی دیكەی ئێران و حزبوڵڵا بەهۆی شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیل زیانیان پێگەیشت و ئەوكاتەش ئەسەد لاوازتر بو، دواتر دەستەی رزگاركردنی شامی ئیسلامی كە سەر بە قاعیدە بو لە ناوچەی باكوری وڵاتەكەیەوە سەریان هەڵدا و لاوازی ئەسەدیان قۆستەوە و وڵاتەكەیان داگیر كرد.
لەكۆتاییدا لە ماوەی دو هەفتەدا بەشار ئەسەد بەرەو روسیا هەڵهات و نیو سەدەی ستەمی دڕندانەی بنەماڵەكەی بۆ سەر گەلی سوریا كۆتایی پێهات.