پرسی هەڵبژاردن و هەمواری بودجە لەنێوان تەحەدیات و ئاسۆدا

پشتیوان جەمال

15/02/2024

هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی هەستیاردایە، سەرەڕای پلانی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و هەوڵەكانی عێراق بۆ لەقاڵبدانی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆش دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری ناجێگیرە، ناكۆكی نێو ماڵی كورد و شەڕی سارد لە نێوان لایەنەكان گرفتێكی گەورەیە ، دۆخی ئابوری خەڵك لەئاستێكی زۆرخراپدایەو كۆمەڵگا دابەش بووە بەسەر دوو چینی دەوڵەمەند و هەژار، و ئاشتی كۆمەڵایەتی لە مەترسیدایە،لەئێستادا هەرێم لەبۆشایی یاسایی گوزردەكات بەهۆی نەبوونی پەرلەمانەوە، حكومەتەكەی كاربەڕێكەرەوبەدووریش نابیندرێت ئەم كاربەڕێكردنەش سنورێكی بۆدابندرێت لەدادگای فیدڕاڵی،ڕەنگەنووسینی سكاڵایەك بەسبێت بۆدیاریكردنی سنوری كاربەڕێكەری حكومەتەكەش،ئەمە خەتەررین بڕیاردەبێت بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی هەرێم و بچێتە تای تەرازوی پارێزگایەك لەچوارچێوەی عیراقدا.
تادێت گرێكوێرەی نێوان بەغداو هەرێم توندتر دەبێت، مەترسی نایاسایی لەسەردامەزراوەكانی و لایەنی ئابوری هەرێمی كوردستان زیاتردەبێت، پرسی هەڵبژاردن بۆتە مۆتەكەی هەرێمی كوردستان، دواكەوتنی بڕیاردان لەم بابەتە لەدادگای فیدڕاڵی چارەنوسی هەرێم دەخاتە بەرمەترسیەوە، بەهۆی بەسەرچونی ماوەی كۆمسیارانی بەغداد فریانەكەوتیان لەبەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەماوەی یاسایی خۆیان، چونكە لەهەرحاڵەتێكدا ئەم بڕیارەدوابكەوێت بۆمانگ" حەوتی2024" كۆمسیۆنی بەغداد ماوەی یاسایی نەمێنێت ئەوكات دۆخی هەڵبژاردن دەچێتە تونێڵێكی تاریكەوەو ئەوسەری دەرگاكە لەكەس دیارنابێت،بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و دوبارە نوێكردنەوەی كۆمسیۆن خول و فێركاریەكانی ئەو دامەزراوەیە، مەودایەكی دوورو درێژی پێویستە، چونكم لەباری ئاسایی خۆیدا كۆمسیۆن پێویستی بەشەش مانگ هەیە بۆبەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، خۆ ئەگەر دامەزراوەكەی خۆی ماوەی یاسایی تەواوبێت تاخۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردن لە هەرێم پێویستی بەساڵێك دەبێت، كەوابوو هەڵبژاردنی هەرێم پێش بەسەرچونی كۆمیسیۆنی بەغدا لەم ساڵی 2024 نەكرێت بەدڵنیایەوە دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، لەلایەكی تر تەواوی ئومێدی لایەنە كوردیەكانی بەغدا لەسەرهەمواركردنەوەی چەند بڕگەو بابەتێكی بودجە هەڵچندراوە، بۆئەوەی پشت بەستن بەیاسای بودجە شایستە داراییەكانی هەرێم وەك خۆی و لەكاتی خۆیدا بدرێت، ڕەنگە ئەمەش جێگای دڵخۆشی و ئومێد نەبێت، چونكە لەكاتی خۆیدا ئەم داواكاری هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لەسەرخواستی كورد نەبووە، بەڵكو لەسەر ناڕەزایەتی لایەنە عەرەبیەكان بوو، كە دەسەڵاتی پارێرگارەكانی عێراقی كەمكردبۆوە لە مەسەلەی پارەداركردنیان، ئاستەنگی هەندێ لایەنی عەرەبیش بۆ هەمواری بودجە كەم نین، بەتایبەتی دوای ئەو كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزبیانەكان لەعێراق و بەشداری نەكردنی كورد تیایدا، هەڕەشەی هەندێك لەئەندام پەرلەمانەكانیان بۆ دەنگ نەدان بەو بابەتانەی كەپەیوەندیدارن بەپشكی هەرێمەوە، بۆیە پەرتەوازەیی و ناكۆكی نێوان لایەنەكان دوورنیە ئەو ئومێدەش لەگۆڕبنێت و گێچەڵی بەغدا بۆناردنی پشكی كورد وەك ئێستا بەردەوامبێت.
دەرئەنجام ئەوەی بۆ كورد گرنگ و پێویستە، بۆ دەربازكردنی قەیران و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، هیچ ڕێگا چارەسەرێكی تر نیە جگە لەڕێككەوتنی لایەنە كوردیەكان، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ڕێككەون لەسەر وەڕەقەیەك بۆ تەواوی ئەو گرفتانەی كە هەن و ناكۆكییان لەسەرە، ئەوكات ڕێككەوتنی لایەنەكوردیەكان دەبێتە هۆی دروستكردنی قەرارێكی سیاسی، كە دەتواندرێت ئاسانتر ئەو پرسانەی لەبەغدا هەن یەكلایی بكرێنەوە تەنانەت لەدادگای فیدڕاڵیش ئەگەر ببیندرێت لەسەر پرسێك كۆدەنگی هەیە حەتمەن ئاسانتر یەكلایی دەبێتەوە، كاتێك پرسە تەنها لایەنە كوردیەكانن، ئەمە كۆتا چارەسەرە بۆ دۆخی هەرێمی كوردو ڕێگای دووەمی نیە جگە لە گەورەتركردنی مەترسی زیاتر لەسەر قەوارەی هەرێم و خراپتركردنی دۆخی دارایی هاوڵاتیەكانی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group