هەڤاڵ ئەبوبەكر: خۆتان بۆ ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كورد ئامادەبكەن

15/10/2024

نەوا-
سەرۆكی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە ئێستاوە خۆتان بۆ ڕێكخستنەوەو یەكخستنەوەی ناوماڵی كورد و خاكی پیرۆزی كوردستان ئامادەبكەن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، لەگەڵ كۆتایهاتنی دەوامی فەرمی وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدانیش ڕادەگیرێت، داوا لە هەمو ئەو بەڕێزانە دەكات كە خۆیان تۆماركردوە سەردانی ناوەندەكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان.
پارێزگاری سلێمانی داواشی لە هەمو ئەو كەسانە كردوە كە مافی دەنگدانیان هەیە بەشدارییەكی كارا لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بكەن و بەرجەستەی مافی ڕاستەقینەی خۆیان بكەن.
ئاماژەی بەوەشدا، هەر ئەمڕۆ لە كاتژمێر 12:00 شەودا ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان تەواودەبێت، داوا لە هەمو كاندیدو لایەن و قەوارەو هاوپەیمانێتییە بەشداربوەكان دەكات، بەئارامیی و بە گیانی بەرزی قبوڵكردنی یەكتریی بانگەشەكەیان تەواو بكەن، پشتیوانیان بن بۆ ئەوەی ئەو زەمینە پێویست و لەبارەی بۆ هەڵبژاردنە تایبەت و گشتییەكان فەراهەمیان كردوە، ببێتە وێستگەی چەسپاندنی دیموكراسیی و بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و سەرخستنی خەڵكی كوردستان و دەرفەتبەخشین بە پەسەندكردنی ئەنجامەكان و پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتێكی نوێ.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group