پشتیوان سادق: پێویستە حكومەت ئاگاداری داهاتی هەموو شارەكان بێت

31/10/2022

نەوا-
شاندی وزاریی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی كۆمەڵی دادگەریی كردو لەپاش كۆبونەوە پرێس كۆنفرانسێكیان دەربارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە ئاشكرا كرد.
پشتیوان سادق سەرۆكی شاندی وزاریی رایگەیاند: هیچ لایەنێك تۆمەتبار نەكراوە بە تەقینەوەكەی هەولێر تەنها چەند كەسێك داواكراون بۆئەوەی وتەی خۆیان پێشكەش بكەن، لەبەرئەوەی كردەوەی تیرۆریستی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان قابیلی قبوڵ نیەو پەیوەندی بە سەروماڵی هاووڵاتیانەوە هەیە.
وتیشی: لەسەردانماندا بۆلای لایەنەكان باسمان لە شێوازی كاركردنی ئەنجومەنی وەزیران لەحكومەتی هەرێم و تەبایی و برایەتی كردوە، بوار بەهەموو وەزیری حزبەكان دراوە بۆئەوەی هەر گرفتێك هەبێت پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەن  و لەوێ چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
پشتیوان سادق راشیگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران هەموو شارو شارۆچكەكان وەك یەك دەبینێت ئەوەی دەوترێت حكومەت جیاوازی دەكات لەنێوان شوێنێك لەگەڵ شوێنێكی تر بەهیچ شێوەیەك وانیە بەڵكو بە یەكسانی تەماشایان دەكات، بەڵام مادام حكومەت بەیەكسانی تەماشا دەكات دەبێت ئاگاداری داهاتی هەموو شارەكانیش بێت، بۆیە ئێمە هیچ كێشەكی گەورەمان نییە كە چارەسەر نەكرێت هەمویان بە دیالۆگ چارەسەر دەكرێن.
لەلایەن خۆشیەوە عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی وتی: دیارە هەردوو لایەنی یەكێتی و پارتی گلەیی و  گازندەیان هەیەو رونكردنەوەیان بۆ هەموو  لایەنەكانی تریشداوە ئێمە پێمانڕاگەیاندون كە بارودۆخی هەرێم رۆژ بەرۆژ بە دۆخێكی دژواردا تێدەپەڕێت ئەو ناكۆكیانەش سیمای دوو ئیدارەیی زەقتر كردۆتەوە زیاتر بە زیانی میللـەت دەبێت و بۆ هەمومانە خراپە، ئێمە پێمانوایە بۆ بەدواداچونی كێشەی داهات و ئیداریی لیژنەیەكی پەرلەمانی پێكبهێنرێت و بەردواداچونێكی ورد بكات و راپۆرتێك پێشكەشی بكات ئەگەر بشكرێت بۆ رای گشتی بخرێتەڕوو.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group