یەكێتیی مامۆستایانیش لەگەڵ خوێندنی ئۆنلایندا نییە

21/09/2020

نەوا
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان دوپاتیدەكاتەوە، دەستپێكردنی خوێندن بە ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی ئامانجی خۆی ناپێكێت، ئەمە جگە لەوەی دابەشكردنی موچە 30 رۆژ جارێك خاڵی سەرەكییە لە دەستپێكی گونجاوی خوێندنی ئەمساڵ.
عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نەوا، رایگەیاند، دوای ئەوەی حكومەت بڕیاریدا خوێندنی زۆربەی قۆناغەكانی خوێندنی پەروەردە بە ئۆنلاین دەستپێبكات، یەكێتییەكە دووبارە پێشنیازەكانی پێشووی بە هەندێك دەستكاریی كەمەوە ناردووەتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندییدارەكان، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان دوپاتیكردەوە، ئەنجومەنی تەنفیزیی یەكێتییەكە كۆك بوون لەسەر ئەوەی خوێندنی ئەلیكترۆنی ئامانجی خۆی ناپێكێت، چونكە گرفتی گەورەیان لە موچە و كارەبا و ئینتەرنێت و چەند پرسێكی دیكە هەیە، بۆیە پێویستە لە هۆڵدا بێت و دووبارە پێشنیازیان كردووە خوێندكاران بكرێنە دوو گروپ و 3 رۆژ بە 3 رۆژ، یان رۆژنارۆژێك دەوام بكەن.
عەبدولواحید محەمەد پێداگرە لەسەر ئەوەی، بۆ دەستپێكی گونجاوی خوێندنی ئەمساڵ، پرسی پێدانی موچە لەكاتی خۆیدا، پاككردنەوەی قوتابخانەكان و پاكوخاوێنی و هەروەها پابەندبوون بە رێنماییە خۆپارێزی و تەندروستییەكانەوە، خاڵی گرنگن، ئەگەر نا ئاستەنگی زۆر بۆ خوێندنی ئەمساڵ دروست دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group