زیاتر لەنیوەی كارەكانی پرۆژەی وێستگەی شەمەندۆفێری موسڵ تەواو بوە

18/07/2024 عێراق

نەوا-
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق پێشكەوتنی قۆناغەكانی دروستكردنی وێستگەی شەمەندۆفێری موسڵ رادەگەیەنێت.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی عیراقدا ئاشكرا كراوە، رێژەی تەواوبون لە پرۆژەی دروستكردنی وێستگەی شەمەندۆفێری موسڵ گەیشتوەتە نزیكەی 58% لەسەر روبەری زەوییەك كە 7,785 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆئەوەی پرۆژەكە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتودا تەواو دەبێت و دەبێتە رێگایەكی دیكەی ئامرازی گواستنەوە لە عیراق. 
رەزاق موحەیبەس سەعداوی وەزیری گواستنەوەی عیراق رایگەیاندوە، بە پشتبەستن بە رێنماییەكان و پێویستی گرنگیدان بەپرسی هێڵی ئاسن، كۆمپانیای هێڵی ئاسنین كاریكردوە بۆكردنەوەی چەند هێڵێك لەناوچەكانی باكورو رۆژئاوای عیراق كە پێشتر بەهۆی كردەوە تیرۆرستییەكان لەناوچون كە دیارترینیان هێڵی شەمەندۆفێری گەیارەو سایلۆی شەرگات لە موسڵ بوە،  هەروەها هێڵەكانی (بەغدا-فەلوجە)و (بەغدا-سامەڕا) و (بەغدا-قائیم عەكاشات)بوە.
سەعداوی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوەشكردوە، باڵەخانەی پڕۆژەكە ژێرزەمینێكی تێدایە كە روبەرەكەی 7 هەزارو 785 مەتر چوارگۆشەیە، شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و خزمەتگوزاری وەك كۆگا، ئەسانسۆری تێدایە، جگە لەوەش باڵەخانەیەكی دوو نهۆمی هەیە كە هۆڵێكی سەرەكی تێدایە بۆ چاوەڕوانی سەرنشین، كافێ و ئۆفیس بۆ كارمەندانی بەشی شەمەندۆفێر، لەگەڵ سەقفێكی شوشەیی لە ناوەڕاستدا بۆ هاتنە ناوەوەی روناكی سروشتی و باخچەو نافورە.





شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group