شاندێکی حكومه‌تی هەرێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

19/09/2020

نه‌وا

بڕیاره‌ سبه‌ی یەکشەممە شاندێکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ستراتیژییەتی بودجە بچێتە بەغدا، به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی داراییش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

 پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کە ئەندامی شاندەکەیە له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی رووداو رایگه‌یاندووه‌، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە دەچنە بەغدا و  رۆژی دووشەممە بەشداری کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ستراتیژییەتی بودجە دەکەن، کە بە سەرۆکایەتی د. عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی بەڕێوەدەچێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆدەکرێت لەبارەی ستراتیژیەتی بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2021 و 2022 و 2023، کە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێک لە عێراقی فیدرال بەشداردەبێت لە داڕشتنی سراتیژییەتی بودجەی ئەو سێ ساڵەدا. 
چوونی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراق، دەبێت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بچێتە پەرلەمانی عێراق بۆئەوەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی ساڵ دەنگی لەسەر بدات و پەسندی بکات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group