ژیان بەبێ پلاستیك.

مەعرووف مەجید

26/10/2023

 

ئێمە یەكجار بەكاری دەهێنین و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە

باوەڕ دەكەیت هەر پارچە پلاستیكێك كە ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دروستكرابێت تا ئەمڕۆش لە جیهاندا بوونی هەیە؟!
بەڵێ پلاستیك لە ١٠٠ بۆ هەزار ساڵ دەخایەنێت تا دەگۆڕێت بۆ مایكرۆپلاستیك، یان بۆ گەردیلەی بچووكی پلاستیك. ئەم پارچە پلاستیكیانە لە ژینگە و زەریاكانماندا دەمێننەوە، ماسی دەیخۆن و ئێمەش بە نۆرە ماسی دەخۆین! لە ساڵانی ١٩٥٠ وە تا ئێستا ٨.٣ ملیار تۆن پلاستیك بەرهەم هێنراوە.

ئێمە یەكجار بەكاری دەهێنین و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە
ئەو شتە چییە كە جارێك لە ژیانماندا بەكاری دەهێنین بەڵام بۆ هەمیشە لە ژینگەكەماندا دەمێنێتەوە؟ 
وەڵام: شتومەكی پلاستیكی یەكجار بەكارهێنراو، لەوانە: كیسی نایلۆن، دەفر، كوپ، و چەقۆ (چنگاڵ و كەوچكی پلاستیكی و چەقۆ). ئەم ئامرازانە بە خێرا بەكارهێنان دادەنرێن بەو پێیەی پێویست ناكات تاك پاكیان بكاتەوە و دواتر بەكاریان بهێنێتەوە، بەڵام زۆر خراپن بۆ تەندروستی ئێمە و زیندەوەرە زیندووەكان و ژینگە!
 پلاستیك نامێنێت و شی نابێتەوە!
لەوانەیە سەرت سوڕبمێنێ كە بزانیت لە ئێستادا پێنج ترلیۆن پارچە پلاستیك لە زەریاكانماندا هەیە، كە بەسە بۆ ئەوەی زیاتر لە ٤٠٠ جار بە دەوری زەویدا بسوڕێتەوە. پلاستیك لە ماددە كیمیاییەكان دروست دەكرێت كە لە سروشتدا ناتوانرێت لەناو ببرێن. 
بۆیە زۆربەی بەفیڕۆدانی بەرهەمە پلاستیكیەكان بەتایبەت كیسی نایلۆن بە ئاسانی فڕێ نادرێن و ناتوانرێت هەموویان ڕیسایكل بكرێنەوە، تەنها 9% ڕیسایكل دەكرێت و بەم شێوەیە بارگرانییەكی گەورە لەسەر ژینگە و مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ و ژینگە و زیندەوەرە زیندووەكان پێكدەهێنێت.
ئایە چارەسەر چییە?
هەنگاوی یەكەم لە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پلاستیكی یەكجار بەكارهێنانەوە دەست پێدەكات، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بەكاربەر بەشێك لە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت بە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پلاستیك لە هەڵبژاردنەكانی ڕۆژانەیدا.
 لە هەمووی گرنگتر، بەرەنگاربوونەوەی پلاستیكە لە سەرچاوەوە، لە كۆمپانیاكانەوە كە پلاستیكێكی یەكجار بەكارهێنراو لە بەرهەمەكانیاندا بەكاردەهێنن و بەكاربەر هیچ بژاردەیەكی دیكەی لەبەردەستدا ناهێڵنەوە، ئێمە وەك تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایە دەبێ بیر لەوە بكەینەوە كە چۆن گۆڕانكاریی سودبەخش لە ژینگەدا بكەین. بزووتنەوەیەكی گەشەسەندنی كەسانێك هەیە كە ئەو گێڕانەوە كۆنە ڕەتدەكەنەوە كە دەڵێن پلاستیك بۆ یەكجار بەكارهێنان شتێكی حەتمییە، و دەزانن كە مرۆڤەكان ئەم كێشەیەی دروستكردووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئێمە هێزی چارەسەركردنیمان هەیە.
ئایا هێشتا هەڵدەبژێریت خواردنەكەت بە چەقۆ و چنگاڵێكی پلاستیكی بخۆیت؟ ئایا هێشتا لە هەر گەشتێكدا بۆ ماركێتەكە چەندین كیسە بەكاردەهێنیت، دەزانیت لە گەدەی ئاژەڵێكدا كۆتایی دێت؟.
 پێموانییە، ئەگەر بەڕاستی بڕیارت داوە گۆڕانكارییەك بكەیت، ڕێنمایی ژینگەیی دابەزێنە، چۆن دەتوانیت یارمەتیدەر بیت بۆ وەستاندنی بۆ جیهانێكی بێ پلاستیك . با لە خۆمانەوە دەست پێ بكەین!

مەعروف مەجید
سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group