رۆژنامەی تایمز: بەڵگەكان لەسەر بەكارهێنانی چەكی فۆسفۆڕ لەلایەن توركیاوە زیاتر دەبێت

21/10/2019

نەوا
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە، بەردەوام بەڵگەكانی بەكارهێنانی چەكی فۆسفۆری لەلایەن توركیاوە دژی كوردەكانی سوریا زیاتر دەبێت و 15 بۆ 20 بریندار هەن، كە برینەكانیان ئاماژەن بۆئەوەی فۆسفۆڕی سپی بەكارهێنراوە.
رۆژنامەی تایمز راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە و ئاماژەی بەوەكردوە، یەكێك لەوانەی بەهۆی چەكی فۆسفۆڕەوە برینداركراوە ناوی "عەلی" یە و لە ریزەكانی هەسەدەدا شەڕی دژی داعش كردوە، بەڵام لە شارۆچكەی سەرێ‌ كانی لەلایەن توركیاوە بەچەكی فۆسفۆڕ لێی دراوە و دەستێكی پەڕیوە و بەشێكی جەستەشی سوتاوە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێرێكی رۆژنامەكە، برینەكانی عەلی تەمەن 21 ساڵ دەریدەخەن چەكی فۆسفۆڕ لەلایەن توركیاوە بەكارهێنراوە، هەروەها بەردەوامیش بۆنی مادەی كیمیایی لە جەستەی دێت.
ئەو پەیامنێرە رونیكردوەتەوە، عەباس مەنسوڕیان ئەو پزیشكە ئێرانییەی عەلی و چەندین سوتاوی دیكەی چارەسەركردوە، تەئكیدیكردوەتەوە ئاسەواری سوتاویەكە بەهۆی فۆسفۆڕی سپیەوەیە.
بەپێی راپۆرتەكە، توركیا چەكی قەدەغەكراوی بەكارهێناوە، ئەگەرچی فۆسفۆڕ خۆی قەدەغە نییە و لە بۆمبی دەستی و چەند شتێكی دیكەدا بەكاردەهێنرێت، بەڵام بەكارهێنانی وەك چەكێكی سوتێنەر بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەسەرئاستی نێودەوڵەتی قەدەغەیە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group